قه‌ڵاکه‌م ڕووخا، کاک ناسر پاڵ به‌م به کێوه؟
نامه‌ی هاوڕێیه‌ک بۆ کاک ناسری ڕه‌زازی
قه‌ڵای مه‌ریوان پاڵم دا پێوه
قه‌ڵاکه‌م ڕووخا پاڵ به‌م به کێوه؟ "شیعرێکی فۆلکلۆری نێو یه‌کێک له گۆرانییه‌کانی کاک ناسر ڕه‌زازی"
شار بۆنی دووکه‌ڵی لێ دێت و هیچ ئاسۆیه‌کمان لێوه دیار نییه. تاڵان، سووتان، گیران و کوژران وشه‌ی سه‌ر زاری خۆم و هاوڕێیانمن. له‌م ئاگره‌وه بۆ ئه‌و ئاگر له‌م هه‌واڵی گیرانه‌وه بۆ ئه‌و هه‌واڵی بڕیاری زیندان، له‌م هه‌واڵی کوشتنه‌وه بۆ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌له‌فۆنی. زۆرێک له هاوڕێیانم وڵاتیان جێ هێشتووه. هیچکات هێنده هه‌ستم به ڕق و بێ پشتیوانی نه‌کردووه. سپا و ئه‌رته‌ش و هێزی ئینتیزامی له لایه‌که‌وه دارستانه‌کان ئاگر ده‌ده‌ن، هه‌ندێ له که‌سانی به‌رژه‌وه‌ندیخوازیش بۆ به تاڵان بردنی جێ باخ و زه‌وی، ئاگر به‌ر ده‌ده‌نه دارستانه‌کان. کێشه‌ی سیاسی کوردستان له حاڵه‌تی ئیجابی وه‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌ی خۆنووسینه‌وه گه‌یشتۆته ئاستێکی سه‌لبی ئه‌وتۆ که ئه‌مڕۆ پاراستنی جه‌سته‌ی مرۆڤی کورد له ئیعدام، پێش‌گرتن به سووتانی دارستانه‌کانمان، پێش‌گرتن به تاڵانی ئاسه‌واره مێژووییه‌کانمان و پێش‌گرتن به.... . به‌ڵام که هاوده‌ستیی دز و جه‌للاد دێته پێشێ، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌نجامه‌که‌ت لێ دیاره. ئه‌مه کایه‌یه‌کی سیاسی نییه بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجام ته‌نیا کێشه‌ی شه‌ره‌فه نه‌ک کێشه‌ی ئه‌نجام
.
کاک ناسر! دوێنێ هه‌واڵی147 ه‌مین ئاگری ئه‌م هاوینه‌ی دارستانه‌کانی مه‌ریوانم پێگه‌یشت، هاوکات له ڕێگای کورته نامه‌وه هه‌واڵی هه‌وڵ بۆ ڕووخاندنی قه‌ڵای مه‌ریوانم پێ گه‌یشت. وتم به‌شداری له پێش‌گرتن له ڕووخانی قه‌ڵاکه‌دا هه‌رچێک بێت که‌مێک له ئاگر کوژاندنه‌وه ئاسانتره. با سه‌ر و برۆ و برژانگم هه‌ڵنه‌پڕووزێت و کارێکیشم بۆ پێش‌گرتن به‌م تاڵانه کردبێت. دڵنیام هه‌ر شتێک ڕۆیشت و ڕابورد یان بۆیان باس کردوویت یان له هه‌واڵه‌کاندا خوێندووته‌ته‌وه.
کاک ناسر بڕوات هه‌بێت ئێوه‌م وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک و پێش له‌وه‌یش وه‌ک مرۆڤێکی کوردپه‌روه‌ر خۆش ده‌وێت. ئێمه ئێستا له هه‌لومه‌رجێکی ژه‌هراویدا ده‌ژین، سنووره‌کانی جاران له نێوان خزمه‌ت و خیانه‌تدا یه‌کجار کاڵ بۆته‌وه، له هه‌موو لایه‌که‌وه هێرشمان له سه‌ره. سوپای پاسداران پشتیوانی هه‌ر مرۆڤێک ده‌کات که بیهه‌وێت تاڵان بکات بۆ ئه‌وه‌یش لێت ناپرسێت له کام لا شه‌هیدت هه‌یه. ئه‌مڕۆ زۆرمان هه‌یه که خاوه‌نی شه‌هیدی کوردستانن به‌ڵام ئاڕاسته‌یان زۆر دژه گه‌لییه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه به پشتیوانیی هێزه کوردییه‌کانیشدا ده‌نازن. ئه‌مڕۆ له زۆر لا ئه‌توانین ئه‌م قسه‌یه ببیستین: " له هه‌ر دوو لا ده‌ستمان ئه‌چێت". بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی له‌م تاڵان و بڕینه‌دا کێشه‌ی هه‌ندێک که‌س ده‌ست ڕۆیشتن بێت، هێڵنجم پێ ئه‌دات. له هه‌موو لایه‌ک گوشارمان له سه‌ره له کاتێکدا زۆرێک که‌س ته‌نیا له بیری گیرفانی خۆیان و ده‌ست ڕۆیشتندان. هێرشمان له سه‌ره و بێ پشتیوانین و ته‌نیا هیوایشمان بۆ پشتیوانی هه‌ر به ته‌نیا ده‌نگدانه‌وه‌ی جاروباری هه‌واڵه‌کانمانه له نێو میدیای کوردی‌دا.
کاک ناسر من دڵنیام له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر لێره‌دا بوویتایه له به‌ره‌ی ئێمه‌دا بوویت، له‌م گه‌رمای هاوینه‌دا سه‌روچاوت هه‌ڵده‌پڕووزا و له تینوێتی و ماندوو بووندا له‌گه‌ڵمان به‌شدار ده‌بوویت، پێشت به بۆڵدێزر ئه‌گرت و له به‌ر ئه‌وه‌ی فڵانه مافیای زه‌وی، زه‌وییه‌کی گشتی هه‌ڵنه‌لووشێت ده‌نگت به‌رز ده‌بۆوه و سه‌روچاوت خوێناوڵ ده‌کرا، بگره هه‌ڕه‌شه‌ی مردنیشت لێ ده‌کرا.
کاک ناسر تۆ لێره نیت که له‌گه‌ڵمان ماندوو ببیت به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌که‌ت ئه‌توانێت بگاته ئێره. ..
چاوگ
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر