1386/5/10
گه‌ر فریا نه‌که‌وین شه‌پۆلی له سێداره‌دانی ڕۆژنامه‌وانان و چالاکانی مه‌ده‌نی ده‌ست پێ ئه‌کات.
کاتێ که چالاکڤانی بواری مه‌ده‌نی "هیوا بووتیمار" و پاش مانگێکیش ڕۆژنامه‌وان "عه‌دنان حه‌سه‌ن پوور" ده‌ستگیر کران له گه‌ڵ هه‌موو ناڕه‌حه‌تیه‌کدا، پێمان وابوو دوای ماوه‌یه‌کی که‌م ئازاد ئه‌کرێن. وه‌کوو ئاوی خواردن شه‌ش- حه‌وت مانگ له زیندان هێڵنرانه‌وه. له‌وه ئاسانتریش ئه‌وه بوو که له نه‌بوونی پارێزه‌ره‌کانیاندا دادگایی کران.
ڕۆژی شه‌ممه، ۲۳ی پووشپه‌ڕ له ژێر بارێکی ئه‌منی توند‌و تۆڵدا بۆ شاری سنه (به وته‌ی به‌رپرسی به‌ندیخانه‌ی مه‌ریوان) گوێزرانه‌وه. ڕۆژی سێشه‌ممه،۲۶ ی پووشپه‌ڕ له لایه‌ن دادوه‌ر سوڵتان به‌خش، دادوه‌ری دادگای ئینقلابی مه‌ریوانه‌وه، حوکمی له سێداره‌دان بۆ ئه‌م دوو چالاکڤانه ده‌رچوو. ئه‌وه‌تا ئێسته "قوه قضائیه" ش ئه‌و حوکمه‌ی مۆر کردوه.
وه‌ک ئه‌بینین زۆر ئاسان بوو چیرۆکی له ناو بردنی دوو که‌س. چیرۆکی دوو که‌س که ئه‌یانویست له ڕێگه‌ی قه‌ڵه‌مه‌کانیانه‌وه ده‌ردی میله‌ته‌که‌یان ده‌ربخه‌ن و گرفتی کۆمه‌ڵگاکه‌یان چاره‌سه‌ر بکه‌ن، له چه‌ن دێڕدادوایی هات. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها له سێداره‌دانی دوو که‌س نیه، ئه‌مه ده‌ستپێکی تراژدیایه‌کی تاڵی ژینۆسایدی بیره ئازاده‌کانه. له سێداره‌دانی ئه‌م دوو که‌سه واته هێرش کردنه سه‌ر که‌سێتی و بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ک که به پێچيوانه‌ی داگیرکه‌رانیه‌وه هیچ کات نه‌ویستوه له ڕێگه‌ی ترساندن و تۆقاندنه‌وه قسه‌ی خۆی بسه‌لمێنێت.
بۆ دژایه‌تی کردن له گه‌ڵ حوکمی له سێداره‌دانی ئه‌م دوو که‌سه له ئاستی دنیا‌و له ناو خۆی وڵاتیشدا کار زۆر کرا. که‌مپه‌ین دروست کرا، خۆپیشاندان کرا،نامه‌گه‌لێکی زۆر نووسرا، به‌رپرسه جۆراوجۆره‌کان و خه‌ڵکانێکی زۆر ئاگادار کرانه‌وه و ..... به‌ڵام ئایا ئه‌و دیکتاتۆره‌ی له گه‌ڵ ئێمه‌دا به‌شه‌ڕ هاتوه، له‌و زمانانه تێئه‌گات؟
- ئایا ئه‌و سیسته‌مه ئێمه له گه‌ڵی مامه‌ڵه ده‌که‌ین گوێگره بۆ ده‌نگه ناڕه‌زاکانی هه‌موو دونیا؟
- ئایا ئه‌م سیسته‌مه‌و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته زمانی وتوێژ تێ ئه‌گات؟
- ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژوو بکه‌ین په‌یدا کردنی وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌م پرسیارانه زۆر ئاسانه.
به کورتی به کوردی ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی جیدی نه‌گرین، ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایه‌تیمان نه‌هێنینه مه‌یدانی کرده‌وه‌وه، له سێداره‌دانی دوو چالاکڤان هیچ خاڵێکی ڕه‌ش به مێژووی ده‌سه‌ڵاتی سه‌پێندراو زیاد ناکات. با ئه‌وه‌ش بڵێم که به‌رپرسیاره‌تی ئه‌م تراژدیه به ته‌نها ناخرێته ئه‌ستۆی بکه‌ری ئه‌م حوکمه. هه‌وڵدان بۆ عه‌مه‌لی نه‌کردنی ئه‌م حوکمه جیا له‌وه‌ی ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌که‌مانه بێ پێوه‌ندیش نیه به گه‌له‌کهانی دراوسێوه، به تایبه‌ت گه‌لی فارس که هاواری دیموکراسی خوازیان به چه‌پ و به ڕاسته‌وه ده‌گاته هه‌موو دونیا.
به ڕای من ئیمزا کۆکردنه‌وه ئیتر که‌ڵکی نه‌ماوه. سیسته‌می دانه‌رو بکه‌ری ئه‌م حوکمه سه‌وادی خوێندنه‌وه‌ی ئیمزای نیه. ئیمزا ئه‌بێ له سه‌ر شه‌قام بکرێت . که‌مپه‌ین یانێ کۆ بوونه‌وه له به‌ر ده‌رکی بینای دادگا. خۆپێشاندان له پاریس و له‌نده‌ن و ستۆکۆڵم چاره‌سه‌ر نیه، خۆپیشاندان ئه‌بێ له‌و شوێنه‌ی بکرێت که حوکمی تیا ده‌رکراوه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر